»»
نشریه کمونیست هفتگی : کمونیست هفتگی نشریه ای از حزب کمونیست کا
چپ در دانشگاە، بمناس: سوال: دە سال پیش شما یکی از دانشجویان فع
ما چیزی برای از دست : کارگران و مزدبگیران: همچنان که اطلاع دا
ناسیونالیسم و زلزله،:  آقای مصطفی هجری دبیرکل حزب دمکرات کردست
ده سال گذشت درود بر :  کمتر از یک هفته به شانزدهم آذر روز دانش
تجربە داب پس از ١٠ س:  سال ١٣٨٦ فضای دانشگاە های ایران بعد از
حمله نظامی تحت پوشش :  طی هفته اخیر رسانه های بستر اصلی و اجتم
گرانى: سياست فلاكت -:  تصميم دولت براى افزايش قيمت نان از اول
گرامیداشت ١٦ آذر دفا: در دنیای پر تحول ما که حکومتهای استبدادی
نشریه کمونیست هفتگی : کمونیست هفتگی نشریه ای از حزب کمونیست کا
زلزله ، جمهوری اسلام: ابعاد خسارت و تلفات انسانی فاجعه زلزله د
خشونت نسبت به زنان، :  در گوگل عبارت خشونت نسبت به زن را جستجو
استفاده از کودکان در: در هفته گذشته فیلمی کوتاه و گزارش گونه ت
نشریه اکتبر شماره 23: اکتبر نشریه کمیته کردستان حزب کمونیست کا
سخنان فاتح شیخ در کن:  قلب من امروز لبریز افتخار و شادی است از
حراج بردگان در ليبى :  در روزهاى اخير پرده از جنايت ديگرى در ن

بەیاننامەی حزبی حکمەتیست ملهوڕی میلیتاریستی ئەمریکا لە دژی مرۆڤایەتی دەبێ ڕاگیرێت

 

جارێکی دیکە کابوسی جەنگێکی ترسناک خەڵکی جیهانی توشی شۆک کردوە. بیانوی ئەمجارەی هەڕەشە و جوڵاندنی ماشێنی میلیتاریزمی ئەمریکا، "دوورخستنەوەی مەترسی هەڕەشەی ئەتۆمی کۆریای باکورە". دەوڵەتی ئەمریکا بە خۆی و ئامادەترین ماشێنی ئەتۆمییەوە لە ئاستی دنیادا، تەنیا بەکاربەری بۆمبی ئەتۆمی لە دژی خەڵکی بێ‌دیفاع و سڤیل لە هێرۆشیما و ناکازاکی، بە بەرهەمهێنانی بێوێنەترین و فراوانترین درۆ و تەزویر، "مەترسی ئەتۆمی" دەوڵەتێکی بە تەواوی دابڕاو و هەژاریلێدراو و لەژێر زەختدا لە چەشنی کۆریای باکوری بە دژی "ئاساییشی نێودەوڵەتی" هێناوەتەگۆڕ. دەوڵەتی کۆریای باکور کە خودی درێژەی مانەوەی خۆی و خەڵکی دیلکراوی دەستی خۆی لە گرەوی سواڵ وسەدەقەی ئابوری لەگەڵ چین‌دایە، لە تەبیلغاتی شەرماوەر و ڕیاکارانەی میدیای نۆکەردا تا ئاستی "ئیمپراتۆری شەڕ" بەرزکراوەتەوە. ئیدیعا دەکەن کە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریا، جیهانی بردۆتە سەر لێواری لەناوچوون. لە ڕێی ئەندازیاری ڕای گشتییەوە پێویستی دەستپێشکەری "پێشگیرانە" لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکای "ڕزگارکەر" لەژێر ڕابەرایەتی ترامپی فاشیستدا پاساودەدرێت. بە ڕێنوێنی جمهوریخوازان و بەگوێرەی پێویستی و بەرژەوەندییەکانی تەواوی هەیئەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، ترامپی "دورەپەرێز خواز" کە ئەساسەن ئیدیعای ڕابەری "ئەمریکا نەک جیهان"ی بوو تەلقین ئەدرێ کە "زیندوکردنەوەی عەزەمەتی ئەمریکا" لە گرەوی ملهوڕی میلیتاریستیدایە لە ئاستی جیهاندا. بۆ ‌جێبەجێکردنی ئەم ئاسۆ ڕەشە، دەوڵەتی ترامپ لەلایەن جمهوریخوازانەوە دەستەمۆ کراوە و دەستیکردوە بە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتانی کۆریای باکور، سوریا و جمهوری ئیسلامی و ئەڵبەتە تەنیا بەوانیشەوە سنوردار نامێنێتەوە. بەڵام ئەگەر هەڕەشەیەک لە دژی جیهان و مرۆڤایەتی بوونی هەیە، لە ڕاستیدا ئەم ملهوڕییە سەربازییەی ئەمریکایە لە دوورترین خاڵی جیهان و ئێستاش بە شێوەی دیاریکراو لە نیمچە دورگەی کۆریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ناردنی کەشتییە جەنگییەکان بۆ نیمچە دورگەی کۆریا، مانۆڕە جیاجیاکانی دەورەی دوایی، هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی و سەربازی سوریا، تەقاندنەوەی گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی لە ئەفغانستان (بۆمبی دایک)، تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەم دواییانە لە بیابانی نیڤادا، گۆشەیەکە لە جموجوڵە سەربازییەکان کە سوپای دەست بە پەلەپیتکەی ئەمریکا بە پاساوی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کۆریای باکور و دەوڵەتی سوریا و داعش، پەیامێکی گەورەتر ئەدات بە ڕکابەرە جیهانییەکانی چەشنی ڕوسیا و چین و ئەوروپای هاوپەیمانی ئەمریکا. جیهان نابێت لەژێر سایەی هەڕەشەی جەنگی ئیمپریالیستی و ملهوڕی سەربازیدا بەدیل بگیرێت. جیهان پێویستی بە ژاندارم و پاسەوان نییە. دەبێ ملهوڕی سەربازی ئەمریکا هەوسار بکرێت!

 

دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکاو ئامانجەکانی:

 

 ئامانج و مەرامی واقعی هەنگاو و جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا نەک تەنیا لە لای هەر ڕەوت و فەردێکی پابەند بە حەقیقەت و ڕۆشنبین لە جیهانی ئەمڕۆدا شاراوە نییە، بەڵکو شرۆڤەکاران و ماستاوچییانی پنتاگۆن، ژوڕنالیزمی بەکرێگیراو و پیاهەڵدەری ئەمریکاش ئیعتراف دەکەن کە لەم نێوەدا یەکلاکردنەوەی بونیادی تر لە نێوان هێزە کاپیتاڵیستییەکاندا لە ئارادایە. هیچکات نیزامی کاپیتاڵیستی بەم چەشنە لە قەیران و بێئاسۆیی و نەبوونی ڕابەریدا نەبوە. بڕیارە نیزامی سەرمایە و هێزە ئیمپریالیستییەکانی، جارێکی دیکە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی ئێستا، لەپێناو دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی زۆنەکانی نفوزی ئابوری و سیاسی خۆیاندا، بە جەنگ و سیناریۆ ڕەشەکانی تائێستایانەوە نەوەستن و خەتەری جەنگە ترسناک و بەربڵاوەکانیان بە مەودا جیهانییەکانی و هەڕەشەی بەکاربردنی چەکی ئەتۆمی لە دژی یەک و لە دژی مرۆڤایەتی بێنەمەیدان. بە دوای کۆتایی جەنگی سارد و جیهانی دوو قوتبی، هەوڵی ئەمریکا بۆ شکڵدان بە "نەزمی نوێی جیهان" و "جیهانی تاکقوتبی" بە سەرۆکایەتی خۆی ناکام مایەوە. داگیرکاری و لەشکرکێشی بۆ ئەفغانستان و عێراق شکستی هێنا. دابەزینی مەوقعییەتی جیهانی و پێگەی ئابوری و سیاسی ئەم تەنیا زلهێزە بەجێماوەی سەردەمی جەنگی سارد، بە جۆرێک هاتۆتە ئاستێکی لاواز کە نەک تەنیا ڕکابەرە دێرینە ئیمپریالیست و هێزە تازە باڵاکردوەکان لە بەرانبەریدا قوتبونەتەوە و شەڕیان لە دژی ڕاگەیاندوە، بەولاوەتر لەوە و لە هەر کارێکی هێژمونی بەسەر هاوکارە تەقلیدییەکانی لە ئەوروپا و هاوپەیمانانیشی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێتوانایە. هەیئەی فەرمانڕەوای ئیمپریالیستی ئەمریکا لەژێر ڕابەری جمهوریخوازان و دەوڵەتی ترامپدا دەیانەوێ وەزعەکە هەڵگێڕنەوە و هاوکێشەکە بگۆڕن. ماتەریاڵ و ئامڕازی کاریگەری ئەوان لەم کێشمەکێشە جیهانییەدا بەکاربردنی ماشێنی میلیتاریستی و ئەتۆمی و هەڕەشەی جەنگە گەورەکانە. ووتەی گانگستەریستی مایک پەنس جێگری ترامپ لە ووتاری دوایی خۆیدا لە ژاپۆن لەسەر بنەمای ئەمەی کە "باوەڕ بێنن بە هێزی سەربازی ئێمە و تاقیی مەکەنەوە" ئاماژەیە بە ویستی ئەوان بۆ ئەم دەستدرێژییە ئیمپریالیستییە. هەرکەس بچوکترین تێگەییشتنی هەبێت لە مێژوی سەرمایەداری و ڕابردوی ئیمپریالیزم و میلیتاریزم، سەرهەڵدانی دەورەیەکی نوێ لە باڵادەستخوازی و دەستدرێژیگەری ئیمپریالیستی لە دوای جموجوڵی میلیتاریستی ئەمریکاوە بە ڕۆشنی دەبینێت.

کۆریای باکور و سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەراست، وەکو مەیدانی کێشمەکێش و جەنگی ئیحتمالی دیاریکراوە، بەڵام بڕیاری یەکلاکردنەوەی جیهانی و بنەڕەتی لە ئارادایە. دەیانەوێ جارێکی دیکەش ئەوروپا و ژاپۆن و هاوپەیمانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشنە پشت سەری خەتی ئەمریکاوە. دەیانەوێ ناتۆیەکی کارامەتر لە نیقاشە جیهانییەکان و بە تایبەتی لە بەرانبەرکێ لەگەڵ ڕوسیا هەروا چەشنی ئامڕازی سەرڕاست و بێ ئەملا و لای سیاسەتی میلیتاریستی ئەمریکا کاربکات. دەیانەوێ ڕوسیا و چین ئیستفزازەکانیان کەم کەنەوە و سنور و چوارچێوەی خۆیان لە هاوکێشە جیهانییەکاندا لەبەرچاوبگرن. دەیانەوێ بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاراییشێکی نوێ بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدەنەوە. بڕیارە هەنگاوە سەربازییەکان و جەنگخوازی ئێستای ئەمریکا مەوقعییەتی "پۆلیسی خۆتەعینکراوی جیهانی"یەکەی مەحکەم بکات. بەڵام ئاراستەی ئەم ڕەوەندە ئاڵۆزانە ڕێگایەکی یەکئاراستەی هاوجووت نییە لەگەڵ ئارەزووی ئەمریکا. ڕوبەڕوبونەوە و بەرگرییە سەربازی و ئابورییەکانی هێزە ئیمپریالیستییەکانی دیکە وەکو ڕوسیا و چین و هاوپەیمانانیان، خۆدەرخستنی تیرۆریزمی ئیسلامی دەستکردی خۆیان و دار و دەستەی دیکەی تیرۆریستی لە جیهان، کابوسی ژمارەیەک جەنگی ئێجگار فراوان و ترسناکی خستۆتە دەستورەوە. باڵادەستخوازی ئیمپریالیستی بڕیارە بە نرخی کوشتاری ملیۆنی، پاکسازی بەربڵاوی ئینسانی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی و سەپاندنی نەهامەتی و کوێرەوەری بەسەر ووڵاتان و کۆمەڵگاکاندا ڕووبدات.

 

پێویستیی ڕوبەروبونەوەی بەهێز لەگەڵ ملهوڕی سەربازی ئەمریکا

 

 جموجوڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە نیمچە دورگەی کۆریا، لە هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە سوریا، لە تاقیکردنەوەی "بۆمبی دایک" لە ئەفغانستان، لە نەخشە و پلاندانانەکانی ترامپ و کابینەی جەنگخوازی بە دژی بەرهەڵستکارە جەنگییە لەپێشەوە دیاریکراوەکان لەلایەن پنتاگۆنەوە چەشنی دەوڵەتی کۆریای باکور، سوریا و جمهوری ئیسلامی، ئاماژە ڕاشکاوەکانی جەنگخوازی ئیمپریالیستی و ملهوڕی میلیتاریستییە لە مەودای جیهانیدا. هیچ پلەیەک لە بەڕبەڕییەتی دەوڵەتە دڕندە و سەرکوتگەرەکانی چەشنی کۆریای باکور، سوریا و جمهوری ئیسلامی و هەڵس و کەوتە لاواز و لەڕووی نائومێدی سەربازیی ئەوان بە مانای ئیجازەدان نییە بۆ پاساودانی ملهوڕی میلیتاریستی دەوڵەتی ئەمریکا و ناتۆ. تاقیکردنەوە موشەکییەکانی دەوڵەتی کۆریای باکور دەتوانرێت بە شێوازی سیاسی و دیپلۆماتیک لەلایەن ووڵاتانی ناوچەوە پووچەڵ و کۆنتڕۆڵ بکرێت. ڕەوانەکردنی کەشتی جەنگی و هەڕەشە و جموجوڵی سەربازی ئەمریکا بەم بیانوەوە شتێک نییە جگە لە گانگستەریزم و سەر ڕ ێگا پێگرتنی مافیایی.

دەبێ شمشێری خوێناوی جەنگ بەسەر سەری خەڵکی جیهانەوە لاچێت. مرۆڤایەتی ئازادیخواز نابێت بچێتە ژێر باری هەڕەشەی تیرۆریستی ئەمریکا و هاوپەیمانانییەوە. ڕوودانی جەنگ لە مەودایەکدا کە لە پڕوپاگەندەی جەنگیدا ئاماژەی پێ دەکرێت، دەتوانێ جیهان ژێرە و ژوور کات و بۆ دەیان ساڵی بەردەوام بیباتەدواوە. قوربانیانی ڕاستەوخۆی ڕوودانی ئەم جۆرە جەنگانە سنوردار نابنەوە بە زۆریی کوژراوان، برینداران و ئاوارەکانییەوە لە جوگرافیای ڕاستەوخۆی جەنگدا. دەورەیەکی دیکە لە دەسەڵاتخوازی ئیمپریالیستی و میلیتاریستی ئەمریکا و هێزە ئیمپریالیستییەکانی دیکە بەشوێن خۆیدا دینێت. کابوسی بەکاربردنی چەکی ئەتۆمی بەسەر سەری خەڵکی جیهانەوە ڕادەگیرێت. پاشەکشەی ئێجگار هەمەلایەنە و لە ئاستی جۆراوجۆردا بەسەر جیهاندا دەسەپێنن، کە لە بەراوردکردن نایەت لەگەڵ ئەوەی کە لە سێ دەیەی دواییدا ڕوویداوە. ئەمە ئەو ئاییندە و ئاسۆ ترسناکەیە کە دەبێ لە بەرانبەریدا ڕاوەستین.

دەبێ ئەم ئاسۆ و ڕوانگە ئیمپریالیستییە تێکبشکێنرێت. هاتنەمەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێزی چینی کرێکار و بەشەرییەتی موتەمەدنی ووڵاتانی جۆراوجۆر، وە بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئەروپا ڕێگای ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەرە لەگەڵ جەنگخوازی ئیمپریالیستی و پووچەڵکردنەوەی ئاسۆیەکی تاریک و ترسناکە کە کاپیتاڵیزمی جیهانی خستویەتییە بەرانبەر جیهانی ئەمڕۆوە. خودی ئەو پاشەکشە گەورانەی کە بەدرێژایی سێ دەیەی ڕابردوو بەسەر جیهاندا سەپێنراوە، خودی ئەمەی کە سەرمایەداری هاوچەرخ و هێزە ئیمپریالیستییەکان و لە سەرەوەی ئەوان ئەمریکا دەتوانێ ئەم چەشنە جەنگخوازی و گانگستەریزم و میلیتاریزمە سازمانبدات، بەرئەنجامی غیابی ڕیزی فەعال و بەهێزی بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز و شارستانییە لە بەرانبەر بە کاپیتاڵیزم و تیرۆریزمدا. زیندوکردنەوەی ئەم ڕیزە بەهێزە کرێکاری و ئازادیخوازانەیە ئەرکی دەستبەجێی کۆمۆنیستەکان و تەنیا ڕێگای ڕوبەڕوبونەوەیە لەگەڵ بەڕبەڕییەتی سەپێنراو لەلایەن بۆرژوازییەوە بەسەر چینی کرێکار و مرۆڤایەتیدا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری حکمەتیست وەکو بەشێک لە بزوتنەوەی ئینتەرناسیوناڵیی چینی کرێکار خۆی لە شکڵدان بە ڕیزی بەهێزی کرێکاری و ئازادیخوازانە لە بەرانبەر بە جموجوڵی سەربازی و ملهوڕی میلیتاریستی و لە بەرانبەر بە تەواوی ئاسۆیەکدا کە کاپیتاڵیزم خستویەتییە بەردەم ئینسانی ئەمڕۆوە، بە بەرپرس دەزانێت. حزبی حکمەتیست ئامانجی سیاسی و دەستپێشکەری سەربازی ئەم دواییەی ئەمریکا لە نیمچە دورگەی کۆریا و سوریا و ئەفغانستان بە توندی مەحکوم دەکات. حزبی حکمەتیست چینی کرێکار و بەشەرییەتی ئازادیخواز بانگەواز دەکات بۆ ڕوبەروبونەوەی جددی لە بەرانبەر بە ملهوڕی سەربازی و جەنگخوازی ئیمپریالیستی. هیچکات وەکو ئەمڕۆ سۆشیالیزم و شۆڕشی کرێکاری بە دژی هەلومەرجی مەوجود پێویست نەبووە.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حکمەتیست

فه روه ردینی ۱۳۹۶ - نیسان ٢٠١٧